نوێنەرایەتیی کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسیی نەتەوەکانی ئێران، بەشداریی کرد لە کۆنگرەی " ئاربایدر پارتی"

23ی خاکه‌لێوه‌ی1390
که مپه ینی به رگری له زیندانیانی سیاسی نه ته وه کانی ئێران
شەست و سێیەمین کۆنگرەی " ئاربایدر پارتییە" واتە پارتی  کاری" نورویژی بۆ ماوەی دوو رۆژە لە نورویژ دەستی پێکردووە و لەوێدا پرسی کورد وەک دۆزێکی گرنگ لە راپۆرتی کۆنگرەیاندا رەنگی داوەتەوە.
ئەو کۆنگرەیە کە دوێنێ پێنجشەممە، رێکەوتی ٧ی ٤ی ٢٠١١ی زایینی دەستی پێکردووە و بڕیارە تا رۆژی یەکشەممە، درێژەی هەبێ، کۆمەڵێک باسی گرنگی پێوەندیدار بە نورویژییەکان ، وڵاتی نورویژ و گلوبالیزم ، دێموکراسی ، مافی مرۆڤ، پاراستنی ژینگە ، کەش و هەوا، ئابووری نێودەوڵەتی ، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و وڵاتانی جیهانی سێیەم ، رۆژئاوا بە گشتی و دێموکراسی و مافەکانی مرۆڤ لە جیهان ، پرسی قاقڕی لە وڵاتانی هەژار، بە تایبەت ئافریقا و پێویستییە ژیوەرییەکانی مرۆڤ و داهاتووی ئەو دۆزانەی، لە خۆ گرتووە.
لەو کۆنگرەیەدا کە نوێنەرانی ئەندامانی ئەو پارتە لە هەموو شوێن و ناوچەکانی نورویژ تێیدا بەشدارن، راپۆرتی کۆنگرە بە تایبەت هەندێک بابەتی تایبەتی لە پێوەندی لە گەڵ رۆژهەڵاتی نێوەراستدا، تێدا گونجێندراوە، وەک بابەتی " ئورشەلیم هی هەموو دونیایە" ، ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دۆزی کورد لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
ئەوەی کە سەرنج راکێشە، باس لەسەر دۆزی کوردە، وەک دۆزێکی نێودەوڵەتی و لەوێدا بە وردی قامک خراوەتە سەر ئەو خاڵەی کە ئەو شوێنانەی کوردەکان بە درێژایی ژیانیان لەسەری ژیاون، پێی دەڵێن کوردستان و ئێستاش هەر لە سەر ئەو ئاو و خاکە دەژین و پێشیان بەوە گرتووە کە لە نێو بچن و بتوێنەوە. هەر پاش ئەو باسە مێژووییە لە سەر مێژووی دووری نەتەوەیی کوردەکان، باس لەوە کراوە کە خاک و خەڵکی کوردستان لە ئاکامی جەنگی جیهانی یەکەمدا بۆ دووەم جار دابەش کران بە سەر چەند وڵاتدا و ئەمەش وای کرد کە ئەو وڵاتانەی خاکی کوردستانیان دابەش کردووە ببن بە چوار وڵاتی ئێران، عێراق، تورکیە و سوریە.
هەروەها لەو راپۆرتەدا تیشک خراوەتە سەر ئەوەی کە کوردەکان لە پاش جەنگی جیهانی یەکەم، درۆیان لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە لە گەڵ کرا و ئەوەی کە لە مادەکانی ٦٢ و ٦٣ و ٦٤ی پەیمانی "سیڤەر" دا، بڕیاریان دا کوردەکان وڵاتێکی سەربەخۆیان هەبێ گەر خۆیان بیانەوێ، لە بیر کرا و نەتەوەی کورد بووە قوربانیی بەرژوەندییە نێودەوڵەتییەکان.
 پێویستە ئاماژە بەوەش بدرێ کە لەو راپۆرتەدا، بە وردی باسی ویستی کورد وەک نەتەوە کراوە و ئاماژەش بە هەموو رەفتارە دزێوەکانی دەسەڵاتدارانی رێژیمی ئێران، سوریە، تورکیە  و دەسەڵاتدارانی پێشووی عێراق لەگەل کورددا، دراوە.
گرنگی ئەو باسە لەوەدایە کە ئەو راپۆرتە لە کۆنگرەدا پەسەند کراوە و دەچێتە خانەی ئەو رێکارانەی کە پێویستە " ئاربایدر پارتی" کە گەورەترین حیزبی دەسەڵاتدارە لە وڵاتی نورویژ، لە پێوەندی لە گەڵ دۆزی کورددا هەنگاو بۆ بە ئەنجامگەیاندنی هەڵێنێ و هەروەک لە راپۆرتەکەشدا ئاماژەی پێدراوە، حیزبی ناوبراو ئەرکدارە کە لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەییدا، بە فەرمی پشتیوانی لە ویستی کوردەکان بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی خۆیان، بکات.
شایانی باسە ، مەنسوور عەزیزی لەو کۆنگرەیەدا نوێنەرایەتیی کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسیی  نەتەوەکانی ئێرانی دەکرد.