سه‌ردانی شاندێکی کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسیی نەتەوەکانی ئێران له‌ پارلمانی نوروێژ

شه‌ممه‌ 17ی بانه‌مه‌ڕی 1390
که‌مپه‌ینی به‌رگری له‌ زیندانیانی سیاسی نه‌ته‌وه‌کانی ئێران
رۆژی پێنجشەممە، رێکەوتی ٥ی ٥ی ٢٠١١ی زایینی ،لە سەر بانگهێشتی گوروپی کاریی "پارتی کاری نوروێژ" ی لە بەشی کاروباری دەرەوە و بەرگریی ئەو وڵاتە، شاندێکی کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسیی نەتەوەکانی ئێران، کە پێکهاتبوو لە بەرپرسی کەمپەین "عبدالغفور دانشور"، لە نەتەوەی بەلووچ، مەنسوور عەزیزی ووتەبێژی کەمپەین و " صالح بنی سعید" ئەندامی کەمپەین، لە نەتەوەی عەرەب، سەردانی پارلەمانی کرد و لە لایەن بەڕێزان " ماریاننە سایپ" و " ئولە کریستیان" لە بەشی راوێژکاریی کۆمیتەی ناوبراوەوە، بە گەرمی پێشوازییان لێکرا.
لەو دانیشتنەدا، ئەم خاڵانەی خوارەوە باسیان لەسەر کرا:
_ ناساندنی کەمپەین و کار و ئەرکەکانی.
_ کەمپەین وەک یەکەیەکی پێکهاتوو لە هەموو نەتەوەکانی ئێران.
_ زیندانیانی سیاسیی نەتەوەکانی ئێران و قامک خستنە سەر ئەو خاڵەی کە لە چوارچێوەی جوغرافیی سیاسیی ئێراندا، نەتەوەکانی دیکەی وەک کورد، عەرەب، بەلووچ، ئازەری و نەتەوەی دیکە، دەژین و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە سەرنجەوە ئەو بابەتە چاو لێبکا و هەڵیسەنگێنێ.
_ هەوڵدان بۆ بانگهێشتی باڵیۆزی ئێران لە نوروێژ بە مەبەستی بە دواداچوون و لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی ئەو زیندانییانەی کە لە لیستی کەمپەیندان و دراون بە ناوەندە جیاجیا فەرمی و نافەرمییەکان لەو وڵاتە.
_ ماسمێدیا و رای گشتی نوروێژی لە پێوەندی لەگەڵ زیندانیانی سیاسیی نەتەوەکانی ئێران.
_ دێموکراسی لە ئێران و کارتێکەریی ئەو باسە لە سەر داهاتووی ئابووری و بازرگانیی وڵاتی نوروێژ و وڵاتی ئێران.
_ پێکهێنانی سمینارێک لە پارلەمانی نوروێژ لە پێوەندی لە گەڵ زیندانیانی سیاسی ، مافە سیاسی، ئابووری و فەرهەنگییەکانی نەتەوەکانی ئێران، بە ئامادەبوونی ئەندامانی پارلەمان لە حیزب و لایەنە جیاجیاکانی ناو پارلەمان و خەڵکی شارەزا لە پێوەندی لەگەڵ ئەو باسەدا.
_ ئێرانییەکانی دانیشتووی وڵاتی نوروێژ و چاوەڕوانیی نەتەوەکانی ئێران لە وڵاتێکی دێموکراتی وەک نوروێژ و دروستکردنی پردی پێوەندیی نێوان نوروێژ و نەتەوەکانی دیکەی ئێران.
_ پەناخوازانی نەتەوەکانی ئێران لە نوروێژ و دانی مافی پەنابەری بەوان و رەفتاری نادروستی ئەم دواییانەی نوروێژ لە پێوەندی لەگەڵ ناردنەوەی لاوێکی کوردی پەناخواز بۆ ئێران و رادەستکردنەوەی بە کاربەدەستانی رێژیم.
شایانی باسە ئەو کۆبوونەوەیە کە زیاتر لە کاتژمێرێکی خایاند، وەک سەرەتایەکی باش بۆ هاوکاریی نێوان کەمپەین و پارلەمانی نورویژ چاوی لێکرا و هەر دوولایەن هیوایان خواست بتوانن بە زوویی دیسان کۆببنەوە.
کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسیی نەتەوەکانی ئێران_ نوروێژ
٥ی ٥ی ٢٠١١ی زایینی